١٢ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٤:٣٠
ئۆباما بەنیازە  گرتووخانەی گوانتانامۆ دابخات

باراک ئۆباما بەنیازە پێش جێھێشتنی کۆشکی سپی گرتووخانەی گوانتانامۆ دابخات

باراک ئۆباما بەنیازە پێش جێھێشتنی کۆشکی سپی گرتووخانەی گوانتانامۆ دابخات

ھەرچەندە پێشتر کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکی لەبارەی رێگریکردن لە گواستنەوەی زیندانیانی گرتووخانەی گوانتانامۆ پەسەند کرد، تا وادەی سەرۆکایەتی “باراک ئۆباما”ی سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی دێت، بەڵام لەئێستادا “ئۆباما” بەنیازە پێش جێھێشتنی کۆشکی سپی، گرتووخانەی گوانتانامۆ دابخات و بەشێک لەزیندانییەکانی بگوازێتەوە بۆ ئیسرائیل.
مانگی سێپتێمبەری رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکی پەسەندکرد بۆ رێگریکردن لەگواستنەوەی زیندانیانی گرتوخانەی گونتانامۆ تاکۆتایی ھاتنی ماوەی سەرۆکایەتی “باراک ئۆباما”، یان پەسەندکردنی پرۆژە یاسایەکی تایبەت بەسیاسەتەکانی بەرگری، بەڵام پێشتر کۆشکی سپی بەڵێنی ئەوەی دابوو پرۆژە یاساکە ڤیتۆ بکات، بەڵام پڕۆژە یاساکە بەزۆرینەی ٢٤٤ دەنگ و ناڕازیبوونی ١٧٤ دەنگ پەسەندکراو زۆربەی کۆمارییەکان و ١٢ئەندامی دیموکراتەکان پشتیوانیان لێکرد.
ئەوانەی پشتیوانی لەداخستنی گوانتانامۆ دەکەن باس لەزۆری خەرجییەکان دەکەن، ھەروەھا ئەوەش ئاشکرا دەکەن کەبوونی ئەو گرتوخانەیە دژ بەدابونەریتەکانی ئەمریکایە، لەبەرامبەردا کۆمارییەکان جەختدەکەنەوە کە گوانتانامۆ ئامڕازێکی گرنگە لەشەڕی دژ بە تیرۆرو ئاماژە بەوەش دەکەن ھەندێک لەوانەی لە گوانتانامۆ ئازادکراون جارێکیتر گەڕاونەتەوە ناو ریزی گروپە تیرۆرستییەکان.
لەئێستاشدا جارێکیتر پرسی داخستنی گرتووخانەی گوانتانامۆ ھاتۆتەوە بەرباس و ھەریەک لە رۆژنامەکانی (یەدیعۆت ئەحرەنۆت و ھائاڕتس)ی ئیسرائیلی ئاماژە بەوەدەکەن، “باراک ئۆباما” بەنیازە پێش جێھێشتنی کۆشکی سپی بڕیاری داخستنی گرتووخانەکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوەو بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامە ئیسرائیلییەکان، بەشێک لە زیندانییەکانیش رادەستی حکومەتی تەل ئەبیب دەکرێن.
رۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرەنۆت) ئەوەشی ئاشکراکردووە، کاتێک “فۆکس لی” نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری داخستنی گرتووخانەی گوانتانامۆ، لەمانگی نیسانی رابردوو سەردانی ئیسرائسلی کردو لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە، بۆ ئەوەبووە ئیسرائیل بەشێکی ئەو گیراوانە لای حۆی گل بداتەوە.
“باراک ئۆباما” لەیەکەم ساڵی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا ھەوڵی داخستنی گرتووخانەی گوانتانامۆی دابوو، جگە لەوەش لەمانگی شوباتی رابردوو پلانێکی نوێی لەبارەی داخستنی گرتووخانەکە خستەڕوو، بەڵام ئەم ھەوڵەشی شکستیھێناو لەلایەن کۆماری و چەند ئەندامێکی دیموکراتەکان، دژایەتی کرا.